زۆر كه‌س دیزاینی لۆگۆ زۆر با ئاسانی تێ‌گه‌یشتوون و زۆر كه‌سیش به‌ ناوی دیزاینه‌ره‌وه‌ له‌ نرخ و گرنگی لۆگۆ كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌.

زۆر كه‌س ناو له‌ خۆی ده‌نێت دیزاینه‌ر، كه‌ ته‌نها خۆی فێری پرۆگرامێك كردووه‌ بۆ ده‌ستکاریكردنی وێنه‌ و هه‌ڵده‌ستێت له‌ گوگڵ ده‌گه‌ڕێت لۆگۆیه‌ك ده‌دزێ و ناوه‌كه‌ی ژێری ده‌گۆڕێت و تۆزێک ره‌نگه‌كانی لۆگۆکە ده‌گۆڕێت و خاوه‌ن كارێكی پێ هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێت و ده‌ڵێت دیزانی لۆگۆم بۆ كردوویت!

خاوه‌ن كاریش دوای ماوه‌یه‌ك بۆی ده‌ره‌كه‌وێت ئه‌م لۆگۆیه‌ وه‌رگیراوه‌ و کارێکی زۆری چاپ كردوه‌ به‌و لۆگۆیه‌وه‌.

به‌ڵام من ده‌ڵێم ئه‌و خاوه‌ن كاره‌ ده‌بێت‌ وای به‌سه‌ربێت چونگه‌ گه‌ڕاوه‌ به‌ دوای شتی هه‌رزان و بێ مانا و بێ کوالتیدا.

لۆگۆ كردن شه‌رت نیه‌ له‌ چ پرۆگرامێك دەزانیت، ده‌بێت وێنه‌كێش بیت، ده‌بێت هه‌ستی دیزاین له‌ ناختا بێت، ده‌بێت داھێنەربیت، ھەمیشە بیرۆكه‌ی تازه‌ت هه‌بێت، ئه‌گه‌ر هیچ له‌ كۆمپیوته‌ریش نه‌زانی، ده‌توانیت له‌سه‌ر وه‌ره‌قه‌یه‌ك دیزاینی بكه‌یت و بیده‌یته‌ ده‌ست كه‌سێک له‌ پرۆگرامه‌كه‌ بزانێت و بیگوازێتەوە بۆ كۆمپیوته‌ر.

ئه‌گه‌ر دیزاینه‌ر ئه‌و تایبەتمەندیانه‌‌ی تێدا نه‌بێت ناتوانێت بیرۆکەی تازه‌ بێنێته‌ كایه‌وه‌، ته‌نها ده‌توانێت كۆپی بكات.

دیزاینی لۆگۆ پێوەر و نه‌خشه‌ی زۆر تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌، ده‌بێت ڕەچاوی ئه‌وه‌ بكرێت چۆن به‌ گه‌وره‌یی و چۆن به‌ بچوكترین شێوه‌ داده‌نرێت.

ده‌بێت ڕەچاوی هه‌موو شتێكی بۆ بكرێت وه‌ك‌ چۆن له‌سه‌ر ره‌نگی تۆخ چاپ ده‌كرێت و چۆن له‌سه‌ر كاڵ، چۆن ده‌رده‌چێت ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ته‌خته‌ بیكۆڵیت یان له‌سه‌ر چەرم پرێسی بكه‌یت، كاتێك به‌ یه‌ك ره‌نگ چاپ ده‌كرێت نابێت له‌ روخساری بگۆڕدرێت و هیچ شتێك وون بێت له‌ روخساری لۆگۆكه‌.

ده‌بێت ره‌نگه‌كانی زۆر به‌ وریایی دابنرێت و ته‌واو بگونجێت له‌گه‌ڵ كاره‌كه‌دا.

بۆ نمونه‌ ره‌نگی شین ره‌نگێكه‌ چێژی خواردن ده‌كوژێت، نابێت بۆ كافێ و چێشتخانەکان‌ دابنرێت، زۆر کاریگەرە له‌ رووی ده‌رونیه‌وه‌ كه‌ كه‌سه‌كان حەزی خواردنیان ده‌مرێت و ناڕەحەت ده‌بن له‌ شوێنه‌كه‌. ده‌بێت ره‌نگی سور و قاوه‌ی و زه‌رد و پرته‌قاڵی و بێجی زاڵ بێت بۆ كاری رێستۆرانت كه‌ ئه‌م ره‌نگانه‌ حەز بۆ خواردن ده‌كه‌نه‌وه‌.

هه‌موو ره‌نگێك مانای خۆی هه‌یه‌ و له‌ڕووی ده‌رونیه‌وه‌ لێکۆڵینەوەی له‌سه‌ر كراوه‌. ده‌بێت بزانیت چ ره‌نگێك بۆ كاره‌كه‌ت باشه‌ و ئه‌نجامی خۆی ده‌گه‌یه‌نێت.

ڕه‌نگی كار زۆر جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ ره‌نگی ئاره‌زوی خۆت بۆ جل و به‌رگ و ناو ماڵ و ئۆتۆمبیله‌كه‌ت.

دیزاینه‌ری خاوه‌ن ئه‌زموون و كۆمپانیای بەئه‌زمون له‌ بواری دیزایندا هه‌موو ئه‌م زانیاریانه‌ ده‌زانن و ده‌توانن باشترین رێگه‌ دابنێن بۆ كڕیاره‌كانیان له‌ روی دیزاین و چاپه‌وه‌. كۆمپانیای خاوه‌ن ئه‌زموون كه‌ له‌ مێژه‌وه‌ چونه‌ته‌ قوڵایی كاری گرافیك دیزاینه‌وه‌، بیر له‌ سه‌ركه‌وتنی كڕیاره‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌ پێش ئه‌وەی بیر بكه‌نه‌وه‌ پاره‌ بخه‌نه‌ گیرفانیانه‌وه‌.

له‌ یه‌كێك له‌ نمونه‌كانی كاری دیزاینی لۆگۆ، كه‌ كردمان بۆ نەخۆشخانەیەکی ددان وه‌ك له‌ وێنه‌ی هاوپێچ دانراوه‌، به‌ ناوی دێنت ستار، توانیمان به‌ هێمای دان و ئه‌ستێره‌ لۆگۆكه‌ درو‌ست بكه‌ین، به‌ هەموو پێوەرێکی ورده‌وه،‌ كه‌ به‌ ئاسانی به‌كاردێت بۆ هه‌موو کارێكی چاپ.

له‌ هه‌مان كاتدا كۆمپایاكه‌ گه‌شه‌ی كرد به‌ خێرایی و داوایان كرد كه‌ چه‌نده‌ها به‌شی تر زیاد بكه‌ن، وه‌ك به‌شی كۆزماتیك و ئێمرجینسی و ده‌رمانخانه‌ و به‌شی فێركاری و كۆمپانیایه‌ك وه‌ك گروپێك بۆ ئه‌م به‌شانه‌ دابمەزرێنن. ئێمه‌ش توانیمان له‌ هه‌مان شێوازی لۆگۆی یه‌كه‌م جار لۆگۆی تازه‌ دروست بكه‌ین بۆ به‌شه‌كانی تر، كه‌ هه‌موو لۆگۆكانی دیاربن و ئاماژەبن بۆ یه‌ك گروپ به ‌گۆرانكاری چه‌ند سیمبۆلێك و ره‌نگێک.